چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار سزای ١١ ساڵ بەندکردنییان بەسەردا سەپا

چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی شەریف مەحموودپوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەماڵ واژی و یوو

٢٣ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٥:٢٨

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی شەریف مەحموودپوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەماڵ واژی و یوونس نەوخاە لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپا. ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید جەماڵ واژی، بەرنوێژی هەینیی مزگەوتی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، هەریەکەیان سزای دوو ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدین ئەیووبی لە پیرانشار، سزای چوار ساڵ بەندکردن و مامۆستا یوونس نەوخاە مامۆستای زانستە ئایینییەکان قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیووبی، سزای ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی "واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژنان، ژیان، ئازادی و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان"، "هەوڵ بۆ تێکدانی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و "هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی"، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئورمیە، سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مامۆستا یوونس نەوخاە، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر هەر لەو مانگەدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنیان ئازاد کران.

هەروەها مامۆستایان سەید جەماڵ واژی و مامۆستا شەریف مەحموودپوور، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیی ئێرانی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی داداییکردنیان ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە