تاران؛ عەلی ڕەزایی منداڵی دەستبەسەرکراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٤٩

هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

عەلی ڕەزایی، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە حاڵێکدا کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی تەمەنی ژێر هەژدە ساڵ بووە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی ڕەزایی، خەڵکی تاران لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" و "لێدان و بریندارکردن" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو پێشتر لە تۆمەتی "موحاربە" بێبەری کرابوو.

عەلی شەفاخاە، پارێزەری عەلی ڕەزایی لە وتووێژێکدا هاوکات لەگەڵ پێداگریی لەسەر ئەوەیکە بەریگرتووەکەی لە کاتی "ئەگەری ئەنجامدانی تاوانەکەیدا" تەمەنی ژێر هەژدە ساڵ بووە، ڕایگەیاندووە کە دیوانی باڵا بەجێی دادگای منداڵان، دادگای شۆڕشی بۆ ڕاگەیشتن بەو دۆسیە بە گونجاو زانیوە.

ئەو پارێزەرەی دادگوستەری جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "مەبەستی یاسادانەر لە ١٨ ساڵی تەواو، ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک لە کاتی ئەنجامدانی تاوانێک ١٨ ساڵ و ٣٦٤ ڕۆژیشی بێت، ١٨ ساڵی تەواو نەکردووە."

عەلی ڕەزایی، لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی بە بڕیاری دابینکردنی سزا و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە