دەستبەسەرکرانی سەرهەنگێکی ئەرتەشی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
موحسین ئیسفەندیاری تەبار، هاووڵاتی کورد و خەڵکی گیەڵان کە سەرهەنگی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک هەفتە لە دەستبەسەرکرانی موحسین ئیسفەندیاری تەبار تەمەن ٣٧ ساڵ و سەرهەنگی ئەرتەش و خەڵکی گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نیە و بەدواداچوونی بنەماڵەی لەم پەیوەندییەدا هیچ ئاکامێکی نەبووە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم سەرهەنگەی ئەرتەش لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی پەیجێکی ئینستاگرامی کە کێشەکانی ناوچەی گیەڵان و ناوچەکانی دەورووبەری بڵاو دەکردەوە دەستبەسەرکراوە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاندووە، بە هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و کرماشان و تاران، بەڕێوەبەری پەیجێکی ئینستاگرامی ئاشکرا و دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لە بنەماڵەی ئیسفەندیاری تەبار، ئەم هاووڵاتییە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٩ی جولای ٢٠٢٤) لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی لە تاران دەستبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند، چەندین کەسی دیکەش لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون کە هەنگاو بەدواداچوون بۆ ناسنامەکانیان دەکات.
هەروەها ئەڵلاداد مەنسووجی، سەرهەنگی خانەنشینی سوپای پاسداران بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەم پەیجە ئینستاگرامییە، بانگ کراوە و بەرپرسایەتی لێ وەرگیراوەتەوە.