مریەم مێهرابی، خوشکی مەحموود مێهرابی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:١٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

مریەم مێهرابی ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان و خوشکی مەحموود مێهرابی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپورتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، مریەم مێهرابی خوشکی مەحموود مێهرابی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە، سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسردا سەپێندرا.

هاجەر (ماهان) خوشکێکی دیکەی مەحموود مێهرابی بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەیان و تەنانەت بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر سزایان بەسەر خوشکەکەیدا سەپاندووە.

بە پێی سەرچاوەی هەنگاو، مریەم مێهرابی بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بە شەڕ و کوشتار بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە مریەم مێهرابی دوای دادخوازیی دۆخی مەحموود مێهرابی بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٨ی ژوئێنی ٢٠٢٤)، مریەم مێهرابی، خوشکی مەحموود مێهرابی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیسفەهان، لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەی بە ناوەکانی سێتارە بەختیاروەند تەمەن ١١ ساڵ و سۆگول بەختیاروەند تەمەن ٨ ساڵ دەستبەسەر کراوە.

مریەم مێهرابی دوای ئەوەی کە لە گرتەڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی براکەی، لە بەردەم نووسینگەی ئیمام جومعەی شاری موبارەکەی سەر بە پارێزگای ئیسفەهان، ئاگر لە خۆی بەردەدات، دەستبەسەر کرابوو.

مەحموود مێهرابی تەمەن ٣٥ ساڵ و برای مریەم مێهرابی و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی موبارەکە، پێشتر لە لایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە تۆمەتی " افساد فی‌الارض" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ئیسفەهان دەستبەسەر و ٢٥ی ڕەشەممە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان (بەندیخانەی ناوەندی) ئازاد کرا. ناوبراو دوای چەند کاتژمێر، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە