بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی ئەمینوڵڵا نارۆیی، بەندکراوی بەلووچ و حەمزە گەڕاوەند، بەندکراوی کورد لەگەڵ بەندکراوێک بەناوی ئازاد عەبدوڵڵاهی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەمینوڵڵا نارۆیی، تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی زابۆل، حەمزە گەڕاوەند تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت و ئازاد عەبدوڵڵاهی تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتووی بەندەر عەباس لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس جێبەجێ کرا.

ئەمینوڵڵا نارۆیی لە سێ ساڵ پێشتر و حەمزە گەڕاوەند لە دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ئازاد عەبدوڵڵاهی، نۆزدە ساڵ پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە