ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی شەش بەندكراو لە بەندیخانەكانی قزڵحیساری كەرەج، كرماشان، گۆناباد و قوم

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٧:٢٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی لانی كەم شەش بەندكراو بە ناوەكانی ئیسماعیل دێهمۆردە، سەمیر قاسمی، بەهرام هۆداوەندخانی، سالار ئەمیر جەلالی، ئەبولفەزل كەریمی و كامبیز فەتحی، كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەكانی قزڵحیساری كەرەج، كراماشان، گۆناباد و قوم جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاكەلێوەی٢٧٢٥ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سێ بەندكراو بە ناوەكانی بەهرام هۆداوەندخانی هاووڵاتیی لوڕ و دانیشتووی وەرامین، سالار ئەمیر جەلالی هاووڵاتیی تورک و دانیشتووی تاران و ئەبولفەزل كەریمی، دانیشتوی كەرەج، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوانە پێشتر لە دۆسیەگەلی جیاواز بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ناو ئەم بەندكراوانەدا بەهرام ١٦ ساڵ لە بەندیخانەدا لە ژێر سزای سێدارە بووە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد بە ناوی كامبیز فەتحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی كرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی كرماشان جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانەكانی ڕۆژی چوارشەممە، سزای سێدارەی بەەندكراوێكی بەساڵاچووی بەلووچ بە ناوی ئیسماعیل دێهمۆردە، خەڵكی سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی گۆنابادی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە لایەكی دیكەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی یەكشەممە ١٧ خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندكراوێك بە ناوی سەمیر قاسمی لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم شەش بەندكراوە لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە