بەندیخانەی ئورمیە؛ گیانلەدەستدانی بەندکراوێک بەهۆی ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٥:١٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بەندکراوێکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەناوی ڕوحوڵڵا محەممەدی بەهۆی ڕێگیری لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی، گیانی لەدەست دا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی سزا ئاساییەکان (تۆمەتی ناسیاسی) دەستبەسەر کرابوو و سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ڕوحوڵڵا محەممەدی، بەندکراوی تەمەن ٤٨ ساڵی خەلکی ئورمیە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

نەگواستنەوەی ئەو بەندکراوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لەحاڵێکدا بووە کە ستافی پزیشکیی بێهداریی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەهۆی نەخۆشیی دڵی ناوبراو پێداگرییان لەسەر پێویستیی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕوحوڵڵا محەممەدی هاووڵاتیی تورک و دانیشتووی ئورمیە ساڵی دووەمی سزای حەوت ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکرد.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە