بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد؛ گیانلەدەستدانی عەبدولهادی شێخەپوور، دوابەدوای نەبوونی چارەسەری پزیشکی
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
عەبدولهادی شێخەپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و بەندکراوی بەشی تاوانە ئاساییەکان لە گرتووخانەی ناوەندیی مهاباد، لە کاتێکدا کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ماوەی سزای بەندکرانی خۆی تەواو کردبووبە هۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکی لەم بەندیخانەیەدا گیانی لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، عەبدولهادی شێخەپوور، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت و باوکی دوو منداڵ، لە کاتێکدا سزای ٣ ساڵ بەندکرانی تەواو کردبوو و لە دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە جێگەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد توانای جووڵەی نەمابوو، بە هۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، عەبدولهادی شێخەپوور لە ماوەی دوو ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانی، سەرەڕای خراپیی دۆخی جەستەیی، نەگواسترابۆوە بۆ بەشی دەرمانی بەندیخانە.
بەرپرسانی بەندیخانە هۆکاری مردنی ئەم بەندکراوەیان بە بنەماڵەکەی وەستانی دڵ ڕاگەیاندووە.
ئەم بەندکراوە نزیکەی ٣ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو و چەند ڕۆژ پێش مردنی ماوەی سزاکەی تەواو کردبوو، بەڵام بە هۆکاری نادیار، ئازادکردنی دوا خرابوو.