دێولان؛ حیکمەت ئەمیری، چالاکی مەدەنی سزای ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٥:٥٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

حیکمەت ئەمیری، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و لە چالاکانی بواری پێشگیری و چارەسەریی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکانی خەڵکی شاری دێولان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حیکمەت ئەمیری، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی دێولان و لە چالاکانی بواری پێشگیری و چارەسەریی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕۆستەمی ئەحمەر سزای ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت" و "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٦ مانگ بەندکران و ٣٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سەرجەم سزای ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەر لەو دادگایەدا بەڕێوە چووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە