سنە؛ ژیان میری، چالاكی ژینگەپارێز سزای بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
ژیان میری، چالاكی ژینگەپارێزیی خەڵكی سنە لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژیان میری، خەڵكی تەنگیسەری سەر بە سنە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم چالاكە ژینگەپارێزییە وەكوو سزادانی تەواوكەر بە پێبژاردنی ٥٠ ملیۆن پارەی نەخت مەحكووم كراوە.
ناوبراو لە ڕێكەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١١ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە گەڕەكی “مسناو”ی شاری سنە بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.
ژیان میری ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد كرا.
ئەم چالاكە ژینگەپارێزییە، تا ئێستا چەندین جار بە هۆی چالاكییەكانییەوە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە بانگ و دەستبەسەر كراوە.