ئیلام؛ ئارمان شادیوەند سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئارمان شادیوەند، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئارمان شادیوەند، خەڵکی دەڕەشار لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام بە سەرۆکایەتیی داریووش پیری بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو تۆمەتانەی لەو دۆسیەدا دراونەتە پاڵ ئارمان شادیوەند، لە دوو بەشدا بۆ دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکان گەڕێندرابوونەوە.
ئارمان شادیوەند، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ لقی ٢ی دادیاری خانەی دادی گشتی و شۆڕشی دەڕەشار بانگ و دەستبەسەر کرا.
ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە دوای یەک ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی دەڕەشار ئازاد کرا.