بڵواناوا؛ سینا محەممەدی، چالاکی مەدەنی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سینا محەممەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی کولتووری_کۆمەڵایەتیی "ژیار"ی دێولان و دەرچووی زانکۆ کوردستان، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک مانگ بەندکران و ٢٤٠ کاتژمێر چالاکی خۆڕایی لە ئیدارەی ڕێگاوبان و ڕاگواستنی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سینا محەممەدی، چالاکی مەدەنی تەمەن ٢٧ ساڵ و کارناسی بەڕێوەبەرایەتی، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولان بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕۆستەمی سزای ٣٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها هەندێک سزای دیکە وەکوو سزای ٢٤٠ کاتژمێر چالاکی خۆڕایی لە ئیدارەی ڕێگاوبان و ڕاگواستن، لە ڕێگای نێوان دێولان بۆ بڵواناوا بەسەر ئەو چالاکە مەدەنییەدا سەپێندراوە.
ئامادەبوونی سینا محەممەدی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵی هاووڵاتییانی خەڵکی بڵواناوا سەبارەت بە بارودۆخی ڕێگاکان و تێکدانی ڕێگاوبانی نێوان ئەو بەشە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بە کانگاکان بە هۆکاری ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، ناو بردراوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بڵواناوا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی سینا محەممەدی و ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژی فیزیکییەوە دەستبەسەر کردووە.
ئەو چالاکە مەدەنییە دوای ٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی قوروە ئازاد کرابوو.