یاسر نووری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی جوانڕۆ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٦:٠٩


هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

یاسر نووری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لەم دوایییانەدا بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕابردوودا یاسر نووری، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن لقی چواری دادگای شۆڕشی کرماشان، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە قازانجی گرووپە دژبەرەکان" سزای چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

پێشتر هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە نووسیویەتی: هێزە ئەمنییەکان دوای لێدان و کوتانی ناوبراو لە یەکێک لە شەقامەکانی جوانڕۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ماڵەکەیان پشکنیوە.

یاسر نووری ڕۆژی شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٩ جولای ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی لە بەندیخانە ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە