ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٢٠ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٥٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی لانی کەم ٢٠ بەندکراو بریتی لە ١٣ بەندکراوی کورد، بەلووچ و خەڵکی ئەفغانستان کە هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان هۆشداری دابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. تا ئێستا ناسنامەی ١١ کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم ٢٠ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، کوشتنی بە ئەنقەست و دەستدرێژیی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

تا ئێستا ناسنامەی ١١ کەس لەو بەندکراوانە بە ناوەکانی شەهاب مەلەکی خەڵکی هەرسین، مێهرداد قەنبەربەیگی، محەممەد نەزەری و ئیسماعیل شەرەفی خەڵکی کرماشان، شەهریار فرووتەن تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، فروود گەڕاوەند تەمەن ٥٠ ساڵ و محەممەد کەرەمی کەنگاوەری  هەر دووکیان خەڵکی کۆیەشت، عەبدوڵڵا شەهنەوازی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی زاهدان و خەلیل نەهتانی تەمەن ٣٥ ساڵ:، خەڵکی زاهدان و دانیشتووی تاران بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە لە نێوان ئەو ١١ کەسەدا شەهریار فرووتەن و ئومێد فەرهیختە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەو ٩ بەندکراوەی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها هاوکات چوار بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان بەدواداچوون دەکرێت.

زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامە و تۆمەتی ٦ بەندکراوی دیکە لەگەڵ سێ کەس لەو بەندکراوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا و پێشتر لە بەندیخانەی ڕەجایی شارەوە بۆ "هۆڵی ژمارە ٣"ی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوونەوە لەبەر دەستدا نییە.

ئەو بەندکراوانە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو و لە چەند قۆناغدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوونەوە و ڕۆژی ڕابردوو هەنگاو سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکەیان هۆشداری دابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە