جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی کورد بەندیخانەکانی قزڵحیسار و هەمەدان

١٢ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٧:٠٧

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی کەرەمی نەسر و عەلیرەزا شەهبازی لەگەڵ عەلی عەباسی و هەروەها نەوید هۆداڤەند خانی، هاووڵاتی لوڕ و نەعیم ناسری، کە پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” و “کوشتنی بە ئەنقەست” لە دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار و هەمەدان جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی کۆیەشت بە ناوەکانی عەلیرەزا شەهبازی، تەمەن ٤٥ ساڵە و باوکی دوو منداڵ و عەلی کەریمی نەسر و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی عەلی عەباسی، خەڵکی ئەفەسریەی تاران، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.

عەلی عەباسی، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، عەلیرەزا شەهبازی و عەلی کەرەمی نەسر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

عەلیرەزا شەهبازی و عەلی کەرەمی نەسر نزیکی یەک مانگ پێش بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە، بەڵام جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیرا و بۆ بەندی گشتی گەڕێندرابوونەوە.

هاوکات، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی نەوید هوداڤەند خانی، هاووڵاتی لوڕ و نەعیم ناسری، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان بۆ جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابوونەوە.

تاوەکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێداردانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاونەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە