دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی مەنیژە خوشنوود لە بۆکان

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٣١

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەوتە لە دەستبەسەرکرانی ژنێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی مەنیژە خوشنوود، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بوارەدا تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی مەنیژە خوشنوود تەمەن ٥٦ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان، تا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو نادیارە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو ژنە چالاکوانە کوردە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی داگرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خوشنوود، هەوڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی مەنیژە خۆشنوود تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان وەڵامدەری بنەماڵەکەی نین و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری لێ کەوتووەتەوە.

شایانی باسە کە مەنیژە خوشنوود کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٤)، لە کاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە