سەلاسی باوەجانی؛ دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی چالاکوانێکی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٣:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ماڵ و دارایی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە فەرمانی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە قازانجی "ستادی جێبەجێکاریی فەرمانی خومەینی" دەستی بەسەردا گیرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سامان و داراییەکانی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسیی کوردی دانیشتووی یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان بە فەرمانی لقی ١ی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر فەرهاد عەلیخانی و بە قازانجی "ستادی جێبەجێکاریی فەرمانەکانی خومەینی لە کرماشان" دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، بێجگە لە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری "پژۆ پارس" و "تویتا ڕافۆر" دوو ماڵی جێی نیشتەجێبوونی ئەو هاووڵاتییەش لە شارەکانی کرماشان و جوانڕۆدا دەستیان بەسەردا گیراوە.

بە وتەی کاوە عەزیزی، ماڵەکەی جوانڕۆی ناوبراو بە نرخی نزیکەی پازدە ملیار تمەن، ئێستا شوێنی مانەوەی بنەماڵەی ئەو چالاکوانە سیاسییەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان کەسێک بە ناوی مەسعوود عەبدی فەرد، کارناسی ئەمواڵی ڕاگوێزراوی "ستادی جێبەجێکاریی فەرمانی خومەینی لە کرماشان" بەرپرسی جێبەجێکرانی ئەو سزایە بووە.

کاوە عەزیزی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی کرماشان مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٢، بەهۆی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناچار بە بەجێهێشتنی زێدەکەی بوو.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە