ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر کوژرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە کرماشان

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٥:٢٧

هەنگاو؛ هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥

پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کەیوان ڕەزایی، یاسین میرزایی، بێهرووز سەفایی، سامان نەزەری و سەیاد فەرامەرزی لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی دەرەدرێژی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران. جێی ئاماژەیە کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە پەیڕەوی ئایینی یارسانن.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، سامان نەزەری (تەمەن ٢٣ ساڵ)، یاسین میرزایی، کەیوان ڕەزایی، بێهرووز سەفایی و سەیاد فەرامەرزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم لە ناوچەی دەرەدرێژ (شارۆچکەی مەهدییە) کوژراون.


زانیارییە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە یاسین میرزایی خوێندکاری نیشتەجێی فەڕەنسا بووە و بە مەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە بۆ کرماشان. جێی باسە بەهۆی بڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێت و نەبوونی دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە سەرچاوەکانی دیکە لەم ناوچەیەدا، هەنگاو ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ خوێندکاربوونی یاسین لە فەڕەنسا پشتڕاست بکاتەوە.
 

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە کاتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی ئارام فەتحی کە بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی فیشەک بە توندی بریندار ببوو، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.
 

بەپێی تازەترین زانیارییەکان کە هەنگاو لە کرماشانەوە دەستی کەوتووە، ٤١ کەس لەو هاووڵاتییانەی کە لە کاتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی کڵاشینکۆف بریندار بوون، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و دۆخی دوو کەس لە بریندارەکان بە ناوەکانی محەممەد میری و ئەفشار نەجەفی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
 

دوای بڕانی تەواوەتی و ئامانجداری ئینتەرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سەرتاسەری ئێران، هەنگاو توانیویەتی لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیەوە پەیوەندی بە شاری کرماشانەوە بکات و زانیویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوچەی دەرەدرێژی کرماشان تا کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ بەردەوام بووە و هێزە حکومەتییەکان، بەتایبەت هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم، بە بەکارهێنانی چەکی قورس لەوانە دۆشکە و کڵاشینکۆف، لەم ناوچەیەدا دەستیان داوەتە تەقەکردنی بەرفراوان ڕوو لە خۆپیشاندەراندا.
 

هەروەها هەنگاو زانیویەتی کە لە کاتی پێکدادانی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان، لانی کەم ١٠ کەس لە هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم کوژراون.
 

جێی ئاماژەیە کە زۆربەی دانیشتووانی دەرەدرێژ پەیڕەوی ئایینی یارسانن؛ یارسان ئایینێکی عیرفانییە کە جەخت لەسەر بنەماکانی ڕاستی‌خوازی، یەکسانی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی دەکاتەوە و پەیڕەوانی بڕوایان بە یەکبوون لەگەڵ خودا هەیە. پەیڕەوانی ئایینی یارسان زۆربەیان کوردن و زیاتر لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام لە شارەکانی وەک هەمەدان، خوڕەم‌ئاباد، تەورێز، کەلاردەشت، کووهدەشت، قەزوین و تارانیش نیشتەجێن.
 

هەنگاو پێشتر ڕاپۆرتی لەسەر کوژرانی یەکێکی دیکە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ناوی ئەمیرحوسام خودایاری‌فەرد، تەمەن ٢٢ ساڵ، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کووهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) بڵاو کردبووەوە.
 

پەیڕەوانی ئایینی یارسان، دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران، ڕووبەڕووی گوشار، سەرکوت و هەڵاواردن بوونەتەوە و زۆرێک لە ڕێبەران و چالاکانی ئەم ئایینە سزای بەندیخانەیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها لە کاتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا، پەیڕەوانی یارسان لە شارە جیاوازەکاندا دەورێکی چالاکیان هەبووە و لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کوردی یارسانی لە کاتی ئەو بزووتنەوەیەدا گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ڕەزا ڕەسایی، یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە سێدارە درا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە