ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ئیبراهیم یووسفی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە کرماشان

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢١:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥

ئیبراهیم یووسفی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کرماشان، تەمەن ٤٢ ساڵ، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەڕەکی دەوڵەت‌ئابادی ئەو شارەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئیبراهیم یوسفی، خێزاندار، باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی دەوڵەتاوای کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان لەو ناوچەیەدا کوژرا.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی یوسفی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە حکومەتییەکان بە سەری، گیانی لەدەست داوە.

جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ کە هاوکات لە چەندین شاری ئێراندا بەڕێوە دەچوو، لە کرماشانیش بە بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتییان بوو و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەرکوتی توند، بەکارهێنانی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی بە ڕووی خۆپیشاندەراندا وەڵام درایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕاپۆرتی لەسەر کوژرانی لانی کەم ٥ هاووڵاتیی دیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی هەمان ڕۆژدا لە ناوچەی دەرەدرێژ (شارۆچکەی مەهدییە)ی کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بڵاو کردبووەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە