سەبزەوار؛ دەستبەسەرکرانی مورتەزا کەیوانلوو بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٢٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

مورتەزا کەیوانلوو، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری جۆغەتای سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، مورتەزا کەیوانلوو، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤١ ساڵ و باوکی دوو منداڵ دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگوستەریی جۆغەتای دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی سەبزەوار گواسترایەوە.

مورتەزا کەیوانلوو، سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەبزەوار بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد غوڵامی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە دوای ماوەیەک لەلایەن لقی ٣٥ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە پێشتریش بەهۆی دوو دۆسیەی دیکە سزای ٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوە و هەروەها پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

مورتەزا  کەیوانلوو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٨ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەبزەوار دەستبەسەر کرا و کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە