مەشهەد؛ جەواد عەلیکوردی، پارێزەری کورد دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
جەواد عەلیکوردی، هاووڵاتیی کورد و پارێزەری دانیشتووی مەشهەد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو برای خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادگوستەرییە کە لەم دواییانەدا دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١ی مارسی ٢٠٢٥)، جەواد عەلیکوردی، پارێزەر لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر نووسینگەکەی لە مەشهەد دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو وردەکارییانەی بڵاو کراونەتەوە، جەواد عەلیکوردی لەم دواییانەدا لە وەڵامی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە داوایان کردبوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی سەردانی لقی جێبەجێکرانی سزاکانی مەشهەد بکات کوتبووی کە، ئەو ڕەوتە پێویستە بە بەرگەی بانگکران لە لایەن خانەی دادی جێبەجێکرانی سزاکانەوە ئەنجام بدرێت.
جەواد عەلیکوردی پاش هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە لایەن لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی خوراسانی ڕەزەوی سزای ١٦ مانگ بەندکران، ٢ ساڵ قەدەغەی کاری پسپۆڕی و ٢ ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەشهەد بە تۆمەتی "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپ بەمەبەستی ڕووخاندنی حکومەت" سزای دوو ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای هەشت مانگ و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێردراوە.
ئەو پارێزەرە پاش دەستبەسەرکرانی براکەی خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەریی هەندێک لە بەندکراوانی سیاسی وەکوو کەماڵ جەعفەری یەزدی، فاتمە سپێهری و حەسەن باقریی لەئەستۆ گرتووە.