دەرگەز؛ دەستبەسەرکرانی مەحموود نیروومەند، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
مەحمووود نیروومەند، ناسراو بە "سەرهەڵدان" بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی دەرگەزی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، مەحموود نیروومەند، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "پۆلگێرد"ی سەر بە شاری دەرگەز، لە کاتێکدا کە بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لەگەڵ براکەی بووە، دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆرشی دەرگەز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وەفایی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سەرجەم سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
مەحموود نیروومەند مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢١، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتیی "عەلی سولەیمانی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" و "پەیوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی وڵات" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە لە ئاکامدا لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
ئەو چالاکە کولتوورییە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە دووەمین ساڵی لە سزای ٣٢ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکرد، بە لێبوردن لە بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد ئازاد کرا.
مەحموود نیروومەند، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستبەسەر کرابوو و لە ئاکامدا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.