سەردار شاهمورادیان، خوێندکاری زانکۆ دوای ١٨ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٧:٣٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سەردار شاهمورادیان، خوێندکاری زانکۆی خەڵکی سنە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای تێپەڕکردنی یەک ساڵ و ٧ مانگ و ١٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی قورسی ٧ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا. ناوبراو پێشتر بە موحاربە تۆمەتبار کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سەردار شاهمورادیان، خوێندکاری بواری کەرەستە پزیشکییەکانی خەڵکی سنە بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

سەردار شاهمورادیان تەمەن ٢٧ ساڵ لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکرانی درێژماوەی خۆیدا، لە سەرەکیترین مافەکانی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شاهمورادیان، ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدرانەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنەدا دەستی شکێندرابوو. ناوبراو هەروەها ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لە بەرانبەر کامێرادا کرابوو.

ئەو خوێندکارە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

سەردار شاهمورادیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بە "موحارەبە و بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئینتزامییەکان" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی کەیوان زەندکەریمی، هۆشەنگ چوارگورگە تەمەن ٤٤ ساڵ و ئارام ئازاد بەو تۆمەتە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گواسترابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە