فرمێسک بابایی چالاکی ژنان لە پاوە بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٣٩

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

فرمێسک بابایی لە چالاکانی ژنانی کورد و خەڵکی شاری پاوە، دوای بانگکرانی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە، دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی مەیدان نەفتی کرماشان (گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات) گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) دوای بانگکرانی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بابایی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، فرمێسک بابایی دەستبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ناسراو بە گرتنگەی مەیدان نەفت گواسترایەوە.

بە پێی وتەی سەرچاوەی باوەڕپێکراوی هەنگاو، دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵەی بابایی لەوانە، باوک، دایک و برای بچووکتر و خودی فرمێسک بابایی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها سەرچاوەی هەنگاو ڕایگەیاند، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەی بابایی لە دەستبەسەرکرانی کچەکەیان، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەگەڵیان هەڵسوکەوتیان کردووە و لە ئاکامی ئەو توندوتیژییە، دایکی فرمێسک بابایی باری تەندروستی تێک چووە و بۆ نەخۆشخانەی پاوە گواستراوەتەوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە.

شایەتحاڵەکان جەختیان لەوە کردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە نەخۆشخانە، ژووری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی دایکی فرمێسکیان گەمارۆ داوە.

فرمێسک بابایی، ساڵی ڕابردوو، لە بەرەبەری ساڵڕۆژی فتوای جیهادی خومەینی دژی کوردستان، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ناوەندە حکوومەتییەکان گواسترابووەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە