گیلان؛ پێنج چالاکی ژن سەرجەم سزای زیاتر لە ٢٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٠:٤٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئاناهیتا دووستدار، نینا گوڵستانی، ڕۆزیتا ڕەجایی، ئاناهیتا حیجازی و نگین عیدالەتخاە پێنج چالاکی ژنی خەڵکی گیلان کە لە بوارەکانی میدیایی و ژینگەپارێزیدا چالاک بوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای زیاتر لە ٢٠ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاناهیتا دووستدار، نینا گوڵستانی، ڕۆزیتا حاجی، ئاناهیتا حیجازی و نگین عیدالەتخاە هەر یەک بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ» سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت» سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەهدی ڕاسخی بەسەریاندا سەپێندراوە و بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ڕۆزیتا حاجی نووسەر، ئاناهیتا حیجازی، بەڕێوەبەری ماڵی ئەمنی ئاژەڵانی ئانا لە ڕەشت، لەگەڵ سێ کەسی دیکە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت ئازاد کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە