جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٢:٥٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی فەزڵ‌ئەحمەد فاتێح‌نیا (زەرکەزهی)، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، سزای سێدارەی فەزڵ‌ئەحمەد فاتێح‌نیا، تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی زەهەک سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حاڵ وەش، ئەم بەندکراوە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی باوکی دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ڕۆژێک پێشتر بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە