بەندیخانەی خوڕەمئاوا؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٤ بەندکراو لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٣٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا (٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ تا ٢٢ی گەلاوێژ) (٢٧ی جولای ٢٠٢٤ تا ١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم ١٤ بەندکراو بریتی لە یەک ژن کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی خوڕەمئاوا کە ناسنامەی یەک کەسیان بە ئایەت بەیرانوەند تەمەن ٢٩ ساڵ ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی بەندکراوەکەی دیکەیان بەدواداچوون دەکرێت، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ (١٠ی ئاگۆست)، سزای سێدارەی چوار بەندکراو هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە. حوسێن حاتەمی خەڵکی برووجێرد و ناسر گەڕاوەند خەڵکی ناوچەی گەڕاوەندی کۆیەشت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و میلاد هادیپوور و شێرزاد ڕەشادەت بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، چوار بەندکراوی لەسێدارەدراو لەو ڕۆژەدان.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی دێزفوول بە ناوەکانی مالیک ئەشتەر تەمەن ٣٥ ساڵ و ئەحمەدڕەزا تۆوەنی تەمەن ٤٧ ساڵ کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.

لە درێژەی ڕەوتی لەسێدارەدرانەکاندا، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) سزای سێدارەی دوو بەندکراو کە ناسنامەی یەکیان حامید پارسە ئاشکراوە کراوە و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) چوار بەندکراو بریتی لە یەک ژن کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی پارسیلۆن لەسێدارە دراون. ناسنامەی ئەو سێ پیاوەی کە لە سێدارە دراون عەزیم ئەمرایی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت، ئەردەشیر مەلەکی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی ئەلیگودەرز و کەسێک بە ناوبانگی "فەڕۆخپوور" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی تاران ئاشکرا کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە