ڕاپۆرتێک لە سەر لەسێدارانی حەوت بەندکراو لە بەندیخانەکانی کرماشان، خوڕەمئاوا، هەمەدان، شیراز و نەیشابوور

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢١:٢٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٥


لەماوەی ڕۆژانی رابردوودا لانی کەم حەوت بەندکراو کە سێ کەسیان کورد، لوڕ و عەرەب بوون بە تۆمەتی وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست، دەستدرێژیی سێکسی و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکانی کرماشان، خوڕەمئاوا، هەمەدان، شیراز و نەیشابوور لەسێدارە دراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٨ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی سیرووس جەعفەری لە بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە جێبەجێکرا. ناوبراو تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو و سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

هاوکات سزای بەندکراوێکی خەڵکی نەیشابوور بە ناوی ئەسغەر باغبانی تەمەن ٢٩ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە ٤ ساڵ پێش لە تێکهەڵچونێکدا لە سەر ئاودێریی زەویی کشت و کاڵی کەسێکی کوشتبوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ٢٧ بانەمەڕ (١٧ی مەه)، بەندکراوێکی لوڕ و خەڵکی ئەلیگودەرز بە ناوی محەممەدوەلی ئاهەنگەری تەمەن ٣٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا لەسێدارە دراوە. ناوبراو سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە بادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو.

لەدرێژەی شەپۆلی لەسێدارە دانی بەندکراوان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی سێ کەس کە یەکێکیان بە ناوی ناسر حەمیدی تەمەن ٣٤ ساڵ، عەرەب و خەڵکی دزفوول بووە لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز جێبەجێکراوە. ناوبراو چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو.

ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە عیسا ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی شیراز بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هادی سولەیمانی خەڵکی میانڕوود بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرا بووە. عیسا ٤ ساڵ پێش و هادی ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ (٥ی مەی)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵی مەشهەد بە ناوی ئەمیرمحەممەد تەوەکولی تەمەن ٣٢ ساڵ کە پیشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

هەواڵی لەسێدارە دانی ئەو حەوت بەندکراوە هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەبووەتەوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە