ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراویی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان و خوڕەمئاوا
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراویی کورد بە ناوەکانی کامیار فەتحی، سەجاد حاتەمی و یارموراد حەسەنوەند، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ناوەندیی خوڕەمئاوا و کرماشان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراویی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی کامیار فەتحی و سەجاد حاتەمی، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
کامیار فەتحی پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و سەجاد حاتەمیش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی یارموراد حەسەنوەند کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەم ئاوا جێبەجێ کرا.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم بەندکراوانە لە میدیاکانی حکومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.