جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیسار بریتی لە هاووڵاتییەکی کورد و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٤١

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی چوار بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی کورد بە ناوەکانی ناسر شەفیعی، سەعید نیازی، بێهرووز وەفایی و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سەعید نیازی، خەڵکی برووجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان، بێهرووز وەفایی دانیشتووی تاران و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەکەی بەدواداچوون دەکرێت، لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی ناسر شەفیعی تەمەن ٣٧ ساڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "نەبی‌کەند" سەر بە شاری تیکاب و دانیشتووی تاران جێبەجێ کراوە. ئەو هاووڵاتییە ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێک سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، سەعید نیازی لە چوار ساڵ پێشتر و ئەو دوو بەندکراوەی دیکەش پێشتر و لە دوو ڕێکەوتی جیاوازدا دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

 

وێنەی ناسر شەفیعی


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە