بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٠:٤٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی پەیمان ئەڵڵا وەیسی کە لەم دواییانەدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە، جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی پەیمان ئەڵڵا وەیسی، بەندکراوی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

پەیمان ئەڵڵا وەیسی، برای عەلی ئەڵڵا وەیسی بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردە کە ڕۆژی ڕابردوو چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

عەلی ئەڵڵا وەیسی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی جولای ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە