جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دە بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان، کاشمەر، ئەردەبیل، دێزفوول، قووچان، ئەهواز و سنە
هەنگاو؛ هەینی ۵ی بەفرانباری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی دە بەندکراو بەناوەکانی ئەسکەندەر بەخشوودە، یەدوڵڵا ئەڵماسی، محەممەدحەسەن شەرەفی، عیماد ئاسێف، ئەفشین تووسی، حەبیب عەمووری، ناسر جەننەتپوور، تاهیر باستانی، ڕاستین کەرەمی و حیسام نەورۆزی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» و تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان، کاشمەر، ئەردەبیل، دێزفوول، قووچان، ئەهواز و سنە جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۳ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۴ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی ئەسکەندەر بەخشوودە، تەمەن ۳۲ ساڵ و خەڵکی تاران، یەدوڵڵا ئەڵماسی، خەڵکی کاشمەر سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە بەندیخانەکانی دەستگردی ئیسفەهان و کاشمەر جێبەجێ کرا. ئەسکەندەر بەخشوودە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ڕەوتی پێکدادانێکی سەر شەقام و یەدوڵڵا ئەڵماسی چوار ساڵ پێش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۳ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی محەممەدحەسەن شەرەفی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ئەردەبیل، عیماد ئاسێف، هاووڵاتیی لوڕی تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی دێزفوول سەر بە پارێزگای خووزستان و ئەفشین تووسی، هاووڵاتیی خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور لە بەندیخانەکانی ئەردەبیل، دێزفوول و قووچان جێبەجێ کرا. محەممەدحەسەن شەرەفی سێ ساڵ پێش و عیماد ئاسێف چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەفشین تووسی بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی عەرەب بەناوەکانی حەبیب عەمووری، تەمەن ۴۳ ساڵ و خەڵکی ئەهواز و باوکی یەک منداڵ و ناسر جەننەتپوور، تەمەن ۴۸ ساڵ، خەڵکی دەشتی ئازادێگانی دێزفوول و باوکی دوو منداڵ لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز جێبەجێ کرا. حەبیب عەمووری چوار ساڵ پێش و ناسر جەننەتپوور پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۲ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی تاهیر باستانی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەھان (دەستگرد) جێبەجێ کرا. بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی سەرماوەز (۲۱ی دەیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی ڕاستین کەرەمی، خەڵکی سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدرانەکانی ئەم دواییانەدا، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۲۹ی سەرماوەز (۲۰ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بەناوی حیسام نەورۆزی، تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی خەڵخاڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش یە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.