سنە؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئارام زارعی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی ئارام زارعی بەندکراوی کورد و خەڵکی سنە کە پێشتر لەسەر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی هاوسەرەکەی دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ئارام زارعی، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ئایدا حەیدەریان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
ئارام زارعی نزیکەی دوو ساڵ پێش لەسەر تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی بە ناوی ئایدا حەیدەریان لە سنە دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پێشووتری هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی ژوئیەی ٢٠٢٤)، ئایدا حەیدەریان، ژنی گەنجی تەمەن ٣١ ساڵ و کارمەندی دەرمانخانەی مانگی سووری سنە، لە ماڵی هاوبەشیان لەلایەن هاوسەرەکەی ئارام زارعییەوە بە چەندین زەبری چەقۆ و چەکی سارد بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو.
ئارام زارعی دوای کوشتنی هاوسەرەکەی، لە هەمان شوێن هەوڵی خۆکوشتنی بە چەقۆ دابوو کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی چارەسەری، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی پارێزگای کوردستانەوە سزای سێدارە بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرابوو.
هەواڵی سێدارەی ئەم بەندکراوە تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکومەتی بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.