ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئەسفەراین، نۆشەهر، ئەسفەهان، قوچان و سنە

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٤٣

هەنگاو؛ هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی شەش بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئەحەد میرزایی، حەنیف محەممەدی، یاسین عەزیمی، عەباس قولی‌پوور، فەرید نووری‌زاد و قاسم ئەمینی کە پێشتر بە تۆمەتەکانی کوشتنی ئەنقەست و پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەکانی ئەسفەراین، نۆشەهر، ئەسفەهان، قوچان و سنە جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئەحەد میرزایی بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و حەنیف محەممەدی هاووڵاتیی گیلەکی خەڵکی نۆشەهر سەر بە مازندەران بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، لە گرتووخانەکانی ئەسفەراین لە خۆراسانی باکوور و نۆشەهر جێبەجێ کرا.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی یاسین عەزیمی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی خومەینی‌شەهر سەر بە ئەسفەهان و عەباس قولی‌پوور تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ئەسفەهان لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەسفەهان (دەستگرد) جێبەجێ کرا. یاسین عەزیمی لە چوار ساڵ پێش ئێستاوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و عەباس قولی‌پووریش لە نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستاوە بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە لە مافی دوا دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣٠ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی فەرید نووری‌زاد، خەڵکی قوچان سەر بە خۆراسانی ڕەزەوی، بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە گرتووخانەی قوچان جێبەجێ کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٩ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی قاسم ئەمینی، خەڵکی سنە، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان، بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری، ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە