ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی ئارەزوو بەدری، ژنێکی گەنجی قوربانیی حیجابی زۆرەملێ

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئارەزوو بەدری، ئەو ژنە گەنجەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێدا کرابوو بە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نەخۆشخانەی وەلیعەسری تاران بۆ دووەمین جار نەشتەرگەری بۆ کراوە. بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ڕوو لە ناجێگیرتربوونە و بنەماڵەکەی لەژێر گوشاردان.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، ئارەزوو بەدری، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، بەهۆی ئاوهێنانی سییەی بۆ دووەمین جار لە نەخۆشخانەی وەلیعەسری تاران نەشتەرگەری بۆ کرا. ناوبراو پێشتر لە نەخۆشخانەی ساری جارێک نەشتەرگەری بۆ کرابوو.

کەسێکی نزیک بنەماڵەی بەدری لەوبارەوە بەهەنگاوی ڕاگەیاند کە، لە یەکەمین نەشتەرگەرییەک کە بۆ ناوبراو بەهۆی پێکرانی بە گوللەی هێزە ئینتزامییەکان لە بەشی کەمەردا کراوە، هێزی جووڵانەوەی لە بەشی کەمەر بۆ خوار لەدەست داوە و ئەگەری بەدەست هێنانەوەی تەندروستیی دوور لە چاوەڕوانی دەنوێنێت.

بنەماڵەی ئەو ژنە قوربانییەی سیاسەتی حیجابی زۆرەملێی حکومەتی ئێران، ئێستا لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گوتنەوەی ئەو قسانەن کە پێیان دەکوترێت لە بەرانبەر کامێرادا بیکەن. ئامانجێک کە ئەگەری ئەوەی هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە بەکارهێنانی توندوتیژی و گوشارێکی زیاتر بۆیان دەستەبەر بێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ئۆتۆمبێلی ئارەزوو بەدری بەهۆی ئەوەی بە "ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ" ناو بردراوە، لە لیستی ئۆتۆمبێلە ڕاگیراوەکاندا بووە و هەر بەو هۆکارەشەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە.

میدیاکانی سەر بە حکومەت، بەبێ ئاماژەیەک بە وردەکارییەکان، ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری تەقە کردن لە ئۆتۆمبێلی ئەو ژنە گەنجە "گومان لێکردنی پۆلیس" و"گرنگینەدان بە فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەی" بووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٣ی جولای ٢٠٢٤)، ئارەزوو بەدری، نزیکەی ٣١ ساڵ و دایکی دوو منداڵ لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی لە شاری نووری پارێزگای مازەندەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان لە بەشی پشتدا بریندار کرا.

ئارەزوو بەدری دوای پێکرانی بە گوللەی هێزە ئینتزامییەکان بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری نوور و دواتر بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ساری گواسترابۆوە. ناوبراو لە ئاکامدا بەهۆی ناجێگیرتربوونی بارودۆخی بۆ نەخۆشخانەی وەلیعەسری تاران گواسترایەوە و لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکاندا لەو نەخۆشخانەیە خەوێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە