مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی دوو برا بریتی لە منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٣:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ، بە ناوەکانی ماردین ڕەسووڵزادە و ئیحسان ڕەسووڵزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئیحسان ڕەسووڵزادە تەمەن ٢٢ ساڵ لەگەڵ براکەی، ماردین ڕەسووڵزادە تەمەن ١٣ ساڵ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان لە گەڕەکی "ئەسحابە سپی" مەهاباد دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ڕەسووڵزادە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی منداڵەکانیان تا ئێستا بەبێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە بەو بنەماڵە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە