سەراوڵە؛ دەستبەسەرکرانی ئاروین حوسێنی منداڵی ١٦ ساڵەی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سەراوڵەی پارێزگای ئیلام، منداڵێکی ١٦ ساڵەی کورد بە ناوی ئاروین حوسێنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، منداڵێکی ١٦ ساڵە بە ناوی ئاروین حسەینی، خەڵکی شاری سەراوڵە لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ناوەندی دەستبەسەرکەر، تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم منداڵە ١٦ ساڵەیە و هەروەها دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، هیچ جۆرە زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.
دەستبەسەرکردنی خۆسەرانەی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێسا یاساییەکان و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی، نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی پەیماننامەی نێونەتەوەییی مافەکانی منداڵە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو پەیماننامەیە.