بانگکرانی بەرفراوانی منداڵان و مێرمنداڵانی گوندی نێی مەریوان بۆ ئیتلاعاتی سوپا

٢٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٣٤

هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠ منداڵ و مێرمنداڵی کورد و دانیشتووی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەدا (٢٣ تا ٢٥ی گەلاوێژ)، لانی کەم ٢٠ منداڵ و مێرمنداڵی دانیشتووی گوندی "نێ" کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای مەریوانەوە بانگ کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە یەکێک لەو منداڵانە تا ئاستێک هەڕەشەی لێکراوە کە لە بواری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیدا تووشی کێشە بووە و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی یەک لەو منداڵانەی بانگ کراون لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "ئەو کەسانە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکیی تەبلیغی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بانگ کراون و بە سەختی هەڕەشەیان لێکراوە و لەلایەن ئەو هێزانەوە ئازار دراون."


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە