دەستبەسەرکرانی ئاریا یووسفی کوڕی فاتمە داوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دوای دیپۆرتکردنی لە وڵاتی تورکیا

٢٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٥:٠٣

هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئاریا یووسفی، کوڕی فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەستبەسەرکراوانی "خەزەڵوەری ٢٧١٩" کە لەم دواییانەدا مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەئارادا بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئاریا یووسفی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن وڵاتی تورکیاوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کراوە و لە سنووری ماکۆ لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یووسفی، ئاریا تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و تەنیا لە ئیتلاعی ماکۆ پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ماکۆدا ڕاگیراوە.

شایەنی باسە کە، ئاریا یووسفی ئێوارەی سێشەممە لەگەڵ دایکی فاتمە داوەند، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٩ و چەند کەسی دیکە لە چالاکانی سیاسی لە ڕێگای سنووری بازەرگان بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە ئاریا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دایکی توانیویەتی هەڵبێت.

ئاریا یووسفی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ و لە کاتێکدا کە تەنیا ١٥ ساڵی تەمەن بوو، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە شوێنە گشتییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە