شنۆ؛ چوار هاووڵاتی لەوانە منداڵێکی ١٦ ساڵە لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر کران
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ سەرماوەزی ٢٧٢٥
سیراج ئەلیاسی، منداڵی ١٦ ساڵە، شاهۆ ئیبراهیمی، فەرعان چووپان و شەفیع ئەحمەدی، هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە بە توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سیراج ئەلیاسی، منداڵی ١٦ ساڵە و خەڵکی گوندی ئاسناوێ سەر بە شنۆ، بەبێ پیشانداری حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) شاهۆ ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی ئاڵکاوێ سەر بە شنۆ بەبێ پیشاندانی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە شوانە ئیبراهیمی، برای ناوبراو، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر کراوەو هەروا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی فەرعان چووپان، خەڵکی گوندی سەرگیز و شەفیع ئەحمەدی، خەڵکی گوندی باڵاگڕ سەر بە شنۆ، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
هەتا ئێستا، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.