کامێران؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەر کرانی پێنج منداڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥
پێنج منداڵی کورد و خەڵکی کامێران بە ناوەکانی پەیام حسەینی، ئەوراز زەمانی، بێهرووز ڕەشیدی، ئێحسان سەبووری و کاوان سەبووری لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم حەوتووەدا دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥)، پەیام حسەینی، ١٧ ساڵە، خەڵکی گوندی لۆن و دانیشتووی کامیاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا.
هەروەها نیوەشەوی هەینی ٢١ی خەرمانان، ئیحسان سەبووری و کاوان سەبووری، هەردووکیان ١٧ ساڵە و خەڵکی گوندی گازرخانی سەر بە شاری کامێران لە ماڵەکەیەندا لەم گوندە دەستبەسەر کران.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان، ئەوراز زەمانی و بێهرووز ڕەشیدی، دوو مێر منداڵی ١٧ ساڵە و خەڵکی کامێران لە ماڵەکانیاندا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەر کرانی ئەم منداڵانە لەگەڵ تووندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی بووە و لە کاتی دەستبەسەر کرانیان هەتا ئێستا، زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.
هەر لەم نێوانەدا، ئەوراز زەمانی و بێهرووز ڕەشیدی، پاش دەستبەسەر کرانیان لە شاری کامیاران بۆ یەکێ لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواسترانەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەر کران، شوێنی هەڵگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم منداڵانە، زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.