سەقز؛ مامۆستا سابیر خودامورادی سزای ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٨ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٠:٤٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤

مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخ لە شاری سەقز لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدانەوە سزای ١٥ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپاوە. ناوبراو پێشتریش سزای بەندکران و لێدانی قامچی بە سەریدا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی گەڕەکی قەوەخی شاری سەقز لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای ١٥ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە. ئەم سزایە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی بەم مامۆستا کوردە ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە، مامۆستا سابیر خودامورادی، بانەمەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای ٧ مانگ بەندکران و هەروەها ٧٢ جار لێدانی قامچی بە سەردا سەپابوو.

پێشتریش هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا نووسی کە ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بەڕێز خودامورادی کردووە کە لە ئەگەری درێژەدان بە ڕەخنەکانی لە مزگەوتدا، سزای ناوبراو دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.

ئەم مامۆستای کوردە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو و ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەسەڵات و بەرگری لە ویستی خەڵک لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە خوتبەکانی نوێژی هەینی، بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان بانگ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە