سەقز؛ عەبدوڵڵا شەریفزادە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:١٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

عەبدوڵڵا شەریفزادە هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز و لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەبدوڵڵا شەرفیزادە تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی، بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداری خۆی، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت و بە قازانجی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران» لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارە لەلایەن دادگاوە ڕەدکراوەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان چەندین جار هەوڵی دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا شەریفزادەیان بەمەبەستتی تێپەڕاندنی سزاکەی داوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، عەبدوڵڵا شەریفزادە زستانی ساڵی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە