مەریوان؛ سیناریۆی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ئومێد فەرەجی

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٣:١٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣

لە درێژەی بانگکران و دەستبەسەربوونی هاووڵاتییانی گوندی “نێ” سەر بە شاری “مەریوان”، هاووڵاتییەک بە ناوی ئومێد فەرەجی، بە سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئومێد فەرەجی خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە شاری “مەریوان” بە سیناریۆی ئیتلاعاتی ئەو شارە،لە لایەن لقی یەکێک لە بانکەکان بانگهێشت کراوە و لە بەردەم بانکەکە دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە سێ ئۆتۆمبێل لە پێش بانکەکە ئامادەبوون و لەدوای سەردانی ئومێد فەرەجی دەستبەسەریان کردووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

شایانی باسە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، ناوەندە ئەمنییەکان بە شێوەی بەربڵاو هاووڵاتییانی گوندی نێ بەتایبەت منداڵان و لاوەکانیان بانگ کردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵیان کردووە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئومێد فەرەجی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە