سنە؛ هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی موختار ئەسەدی لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٥:٤٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی موختار ئەسەدی لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لە کاتێکدا کە ناوبراو لە ماڵ نەبووە، بە گەڕان و پشکنین بە شێوەیەکی هۆڤانە، ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ ژن و منداڵی ناوبراو دروست کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر شەشی بەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی موختار ئەسەدی، لە کاتێکدا کە ناوبراو لە ماڵ نەبووە، بە گەڕان و پشکنین بە شێوەیەکی هۆڤانە و بەکارهێنانی توندوتیژی، ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ ژن و منداڵ و هەروەها بۆ دراوسێکانی ناوبراو دروست کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای ئەوەیکە موختار ئەسەدی لە ماڵەکەی خۆیدا نەبووە، چوونەتە ماڵەکەیان و تەنیا مەبەستیان لە چوونه ژوورەوە بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بووە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، ژن و منداڵی موختار ئەسەدی دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان، تووشی شۆکی دەروونی بوون.

موختار ئەسەدی یەکێک لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری بە سزای بەندکران مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینی مووچەی خانەنشینی لە کار دەرکراوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کشتوکاڵ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە