سنە؛ دەستبەسەرکرانی ئەسعەد غەفووری مامۆستای زانکۆ و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپینی ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤
دکتۆر ئەسعەد غەفووری مامۆستای زانکۆ و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپینی ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٤ی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٨ی ژانویەی ٢٠٢٥) ئەسعەد غەفووری لە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دکتۆر ئەسعەد غەفووری ئەندامی لیژنەی زانستی گرووپی ئەندازیاری مێکانیکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی سنەیە و هاوکات لەگەڵ ئەدمینەکانی دیکەی کەمپینی ڕزگاری گیانی پەخشان توانیویانە زیاتر لە پێنج هەزار واژۆ کۆ بکەنەوە.
هەنگاو زانیویەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوای دەستبەسەرکردنی ئەسعەد غەفووری گرووپی تێلێگرامی کۆکردنەوەی واژۆی کەمپینەکەی لە دەستی ئەدمینەکانی دەرهێناوە و گرووپەی داخستووە.
ماوەیەک پێش سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.
ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی پێشتر هۆشدارییان دابوو کە ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر بێبەری کردنی پەخشان لە دۆسیەکەیدا دەستێوەردان دەکەن.