ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی حەسەن فەرەجی لە مامۆستایانی زانکۆی ئازادی مەریوان
هەنگاو؛ هەینی ۲۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
حەسەن فەرەجی لە مامۆستایانی زانکۆی ئازادی مەریوان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، حەسەن فەرەجی، دکتۆرای پسپۆڕیی فیزیۆلۆژیی وەرزشی و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی مەریوان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.