دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی حەمید عەزیزی مامۆستای قوتابخانەکانی شاری کامێران
هەنگاو؛ هەینی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
حەمید عەزیزی هاووڵاتی کورد و لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری کامێران دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ حیراسەتی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ هێشتا چارەنووسی ناوبراو نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، حەمید عەزیزی، دەرچووی دکتۆرای بەشی زانستیی پەیوەندییەکان و میدیای زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی تاران و لە مامۆستایانی پەروەردە و بارهێنانی شاری کامێران، دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ حیراسەتی ئەو فەرمانگەیە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە حەمید عەزیزی وەک مامۆستا لە قوتابخانەی گوندەکانی "پاڵنگان" و "گازرخانی" وانەی وتووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و شوێنی مانەوەی ناوبراو تاکوو ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەم تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و شوێنی مانەوە و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.