ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای قوتابخانەی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
بە دەستبەسەرکرانی مامۆستایەکی دیکەی قوتابخانەی خەڵکی کامێران بە ناوی ئومێد حامیدی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ژمارەی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو لە دوو شاری سەقز و کامێران گەیشتە چوار کەس. پێشتر هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی حەمید عەزیزی خەڵکی کامێران و ئازاد خادم و عەبدوڵڵا کەریم گوڵان خەڵکی سەقزی ڕاگەیاندبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ئومێد حامیدی، مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاهیدی کامێران دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی ئەو مامۆستا کوردە لە شوێنی وانەگوتنەوەکەیدا ڕووویداوە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو، گواستوویانەتەوە بۆ ماڵەکەی و لەدوای پشکنینی تەواوەتی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلەکانیدا داگرتووە.
پێشتر، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، حەمید عەزیزی، دەرچووی دکتۆرای بەشی زانستە پەیوەندی و میدیاییەکانی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران و لە مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کامێران، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ حیراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
حەمید عەزیزی وەکوو مامۆستا لە دوو قوتابخانە لە گوندەکانی "پاڵنگان" و "گازرخانی" سەر بە شاری کامێران وانەی دەکوتەوە.
هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز (٢٥ی نۆڤەمبەر)، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان و ئازاد خادم، دوو مامۆستای خەڵکی شاری سەقز لەو شارەدا دەستبەسەر کران.
شایانی باسە کە، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا و ئەو سێ مامۆستای دیکە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانی سنەدا ڕاگیراون.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو مامۆستایانە لەبەر دەستدا نییە.