بانە؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٥٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی حەمید ئەحمەدی خەڵکی دیواندەرە و مەحموود (ناوبانگ نادیار) خەڵکی بانە لە سنووری "سەرتەزێن" سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەختی بریندار کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری سەرتەزێنی بانە لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی مەحموود (ناوبانگ نادیار) تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی بانە، و حەمید ئەحمەدی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە بریندار کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە بە چەکی ساچمەیی و بەبێ ئاگاداریی پێشوەخت کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە و مەحموود (ناوبانگ نادیار) لە بەشی سەر و چاودا بریندار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە